وردەکاری خۆپێشانداکەی سبەی پێنجشەممە

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هەولێری پایتەخت و ژمارەیەک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی بەرفراوان دژی بڕیار و راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوە بچن.

 هاوکات سەرۆکایەتیی زانکۆکان کارئاسانی بۆ بەشداریکردنی قوتابیان دەکەن و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هەنگاوەکانی بەغدا راگەیاند.

 خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی هەولێر و بانگەواز بۆ سەرتاسەری کوردستان

بەگوێرەی زانیارییەکان، سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی رێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر خۆپیشاندانێکی جەماوەری دژی بڕیارەکانی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوە دەبات و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە پێنج هەزار قوتابی و لاوی شارەکە تێیدا بەشدار بن.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوان لە بانگەوازێکدا داوای لە سەرجەم کوردستانییان، قوتابییان، خوێندکاران و فێرخوازان کرد، سبەینێ لە شار و شارۆچکە و گوندەکاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان و بۆ ئەو مەبەستەش کاتژمێر 10ـی بەیانی خۆپیشاندانەکە لە پایتەختی کوردستانەوە دەست پێ دەکات. لە بانگەوازەکەدا داوا کراوە لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان، لەوانە؛ سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، قوتابیان و لاوان بە مەبەستی بەرگریکردن لەم ویستە نیشتمانییە بێنە سەر شەقامەکان.

جیا لە خۆپیشاندانەکەی قوتابیان و لاوان، هەر لە شاری هەولێر و لە نێو پارکی شار، گردبوونەوەی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوە دەچێت. لەو چوارچێوەیەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەیامێکدا هیوای خواست لە خۆپیشاندانەکەی سبەی هەموو لایەنە سیاسییەکان و گشت چین و توێژەکان بەشدار بن، جەختیشی کردەوە کە لەپێناو گەیاندنی پەیامێکی ئاشتیخوازانە و نیشتمانیانە، تەنیا ئاڵای کوردستان رێگەپێدراوە و رێگە بە هیچ ئاڵایەکی دیکە نادرێت.

پارێزگاری هەولێر لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە: "سبەی ڕۆژی هەڵوێستە و داواکارم گەورە و بچووک سبەی لەپێناو کوردستان بێنە سەر شەقام."

لەسەر ئاستی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی و سەڵاحەددین پشتیوانیی خۆیان بۆ بەشداریکردنی قوتابیان لە خۆپیشاندانەکاندا بە ماڵپەڕی کوردستان24 راگەیاند:

 - د. ئیدریس هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "بۆ سبەی  پێنجشەممە بە تەواوی پشتگیری لە قوتابیان و لاوان دەکەین و هەموو  کارئاسانییەکیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە خۆپیشاندانەکەی سبەی بەشدار بن و  هیچ رێگرییەکیان لێ ناکرێت، چونکە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە."

 - د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی راگەیاند: "سبەی  دەوامی زانکۆ و تەواوی کۆلێژەکان ئاساییە، بەڵام تەواوی کارئاسانی و  هەماهەنگیمان بۆ قوتابیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن سبەی پێنجشەممە بەشداری لە  خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی قوتابیان و لاواندا بکەن، ئەمەش بە هەستکردن بە  بەرپرسیارەتی و نیشتمانپەروەری."

هاوکات لەگەڵ پایتەخت، سبەی بەیانی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خۆپیشاندان و رێپێوانی جەماوەری دژی بڕیارەکانی بەغدا بەم شێوەیەی خوارەوە بەڕێوە دەچن:

 - دهۆک: کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، قوتابی و لاوان لە بەردەم دەرگای زانکۆی دهۆک کۆ  دەبنەوە.

 - ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، قوتابی و لاوان لە پارکی  شەهیدان کۆ دەبنەوە.

 - ئاکرێ: کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، رێپێوانێکی ناڕەزایەتی لە ترافیکی قەڵاوە  تاوەکو گۆڕەپانی کانی مام کروکا دەست پێ دەکات.

 - ناحیەی دێرەلۆک: کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، لە سەنتەری ناحیەکە قوتابی، لاوان  و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە کۆ دەبنەوە.

هەڵوێستی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە خستنەڕووی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێکارەکانی دوێنێی حکوومەتی فیدراڵ.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:

1. پابەندبوون بە دەستوور: هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە  دەستوورییەکانی خۆی، لە هەمان کاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان  لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە.

2. رەتکردنەوەی هەڕەشە و زمانی سەربازی: ئەنجوومەنی وەزیران ئەوپەڕی نیگەرانی و  ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو راگەیەندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی  فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، بەو پێیەی بە "پێشێلکارییەکی دەستووری و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان"ـی دەزانێت. هەروەها بە ئاماژەیەکی مەترسیداری ناو دەبات بۆ باوەڕنەبوون بە  سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ رژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە پێچەوانەی دەستوورە. لەم سۆنگەیەشەوە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە رەت دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە دیارە ئەمە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

3. رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی: ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانیی هەر رێکارێکی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی  گەندەڵی و کاری نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هەماهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ  حکوومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی، هاوکات داواش دەکات گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا بنبڕ بکرێت.