نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ رێگری لە مەترسیی روودانی تاوانە دڕندانەکان دژی فەلەستینییەکان لە غەزە و کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، هەروەها رایگەیاند، سیاسەتەکانی پاکتاوی رەگەزی لەو ناوچانەدا کرد.
چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، فۆلکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بەوپەڕی نیگەرانییەوە لەو دۆخە دەڕوانم کە پێشێلکارییەکان لە کەناری رۆژئاوا و غەزە رۆژ بە رۆژ بەرەو گشتگیری و رێکخراوبوون دەچن." تورک جەختیکردەوە، سەرجەم وڵاتان پابەندن بەوەی هەنگاوی خێرا بنێن بۆ وەستاندنی ئەو تاوانانە.
فۆلکەر تورک روونیکردەوە، هێرش و سیاسەتە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ئاماژەن بۆ مەترسیی روودانی کارەساتی زیاتر. تورک گوتی: "نوێنەرانی حکوومەتی ئیسرائیل لە باڵاترین ئاستدا، چەندبارە سیاسەتەکانی لکاندنی خاک، پاکتاوی رەگەزی و سزای بەکۆمەڵیان لە کەناری رۆژئاوا روونکردووەتەوە."
هاوکات وشیاری دا کە هاندانی توندوتیژی و کردنی پێشێلکارییەکانی وەک تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لە ناو کۆمەڵگەدا گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک. تورک جەختیکردەوە، کۆمیسارییەکەی چەندبارە وشیاری داوە لەوەی رەفتارەکانی ئیسرائیل لە غەزە، هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر مانەوەی فەلەستینییەکان.
بە گوتەی فۆلکەر تورک، زۆربەی دانیشتووانی غەزە ژمارەیان 2.1 ملیۆن کەسن، لە خێوەت یان پەناگەی کاتی دەژین، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی زیاتر لە 60%ـی رووبەری غەزەی کردووە. تورک نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی کوشتنی نایاسایی و گەمارۆدانی دانیشتووان لە ناوچەیەکی تەسکدا دەربڕی.
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژێرخانی مەدەنی لە غەزە بەرەو تێکچوون دەچێت، لەکاتێکدا نیشتەجێگە نایاساییەکان لە کەناری رۆژئاوا فراوانتر دەبن و فەلەستینییەکان رووبەڕووی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ دەبنەوە لەژێر سیستەمێکی دادوەریدا پێوەری دوولایەنەی هەیە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، 42,666 فەلەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل و نیشتەجێبووان لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو و قودسی رۆژهەڵات ئاوارە بوون. تورک سەرکۆنەی هەوڵە رێکخراوەکانی گۆڕینی دیموگرافیای کەناری رۆژئاوای کرد ئاسۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینیی یەکگرتوو لاواز دەکات.
لە کۆتاییدا، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و دادگاییکردنی بەرپرسانی کرد. تورک بزووتنەوەی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەشی بە پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی، پاراستنی مەدەنییەکان و رێزگرتن لە سەلامەتیی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان وەبیرهێنایەوە.