نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى هه‌رێم بۆ سهقامگيريى عێراق دووپات ده‌كاته‌وه
سه‌رجه‌م ئه‌و پرسانه تاوتوێ كران كه په‌یوه‌ندی به دۆخی ئێستای هه‌رێم و عێراقه‌وه هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى له ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌گه‌ڵ حيزب و لايه‌نه عێراقييه‌كان له به‌غدا، جه‌ختى له پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان بۆ سهقامگيريى ئه‌منى و سياسيى عێراق كرده‌وه و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌ر هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌كى پێويست له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه رووداوه‌كان و دۆخى عێراق كاريگه‌رى له‌سه‌ر ته‌واوى وڵات به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه هه‌يه و ده‌بێ هه‌مووان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه و چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌رپرسياريه‌تى هه‌ڵبگرن.
له درێژه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 13/11/2019 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى ياوه‌رى، به جيا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له عه‌ممار ئه‌لحه‌كيم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانى، هادى ئه‌لعامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى بيناء، نه‌سار ئه‌لڕوبه‌یعی، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی سیاسیی ڕه‌وتى سه‌در و شاندی یاوه‌ری، نوورى مالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا و ئه‌ياد عه‌لاوى، سه‌رۆكى فراكسيۆنى نيشتمانى، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كاندا دۆخى عێراق به‌گشتى و گرنگيى خوێندنه‌وه و تێگه‌يشتنێكى واقعيانه بۆ دۆخ و قۆناغه‌كه، خۆپيشاندانه‌كان و هۆكار و لێكه‌وته‌كانى، چۆنيهتيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى داوا ڕه‌واكانى هاووڵاتيان، پێشبينيى داهاتووى سيستم و پرۆسه‌ى سياسى له وڵات تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها داكۆكى له گرنگيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نيوان هێز و لايه‌نه سياسييه‌كانى عێراق بۆ چۆنيهتيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌كاندا كرايه‌وه.
نێچيرڤان بارزانى و شاندی یاوه‌ری كه له مسته‌فا سه‌يد قادر و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، جێگرانى سه‌رۆك و فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوون، بۆ ديدار و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تيى عێراقى فيدراڵ و هێز و لايه‌نه سياسييه عێراقييه‌كان، سهرلهبهيانيى ئه‌مڕۆ گه‌يشته به‌غدا و دواى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كان، گه‌ڕايه‌وه هه‌ولێر.
H.B



