"ھێرشەكانی توركیا كاریگەری بۆ سەر عێراق دەبێت"

ترس ھەیە چەكدارانی داعش لە سووریاوە بپەڕنەوە عێراق

K24 - ھەولێر

بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، عێراق ترسی لە هاتنەناوەی چەکدارانی داعش بۆ نێو خاکەکەی هەیە.

بەدر زەیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا، کاریگەری بەسەر دۆخی ئەمنی عێراقیشەوە هەیە و ترس هەیە چەکدارانی داعش بۆ دیوی عێراق بپەڕنەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاماژەشی بە رەوانەکردنی هێزی زیاتری پاڵپشتی کرد، بۆ هێزەکانی سەر سنوور، بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی پەڕینەوەی چەکداران.

رۆژی 9/10/2019 سوپای توركیا بە بەشداری میلیشیاكانی سووریا كە شەڕ بۆ ئەنقەرە دەكەن، ھێرشیان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد. بە گوێرەی ئامارەكان تائێستا زیاتر لە 100 ھەزار ھاووڵاتی ئاوارە بوونە و زیاتر لە 80 ھاووڵاتی سڤیل كوژران و برینداربوونە.

ھ.م