دراوە ئەلیکترۆنییەکان ناكۆكی دەخاتە نێوان رۆژههڵات و رۆژئاواییەكان
"بەشێک لە مامەڵەکان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی یاسا و باج و رێکخستنەکانەوە"
K24 - ھەولێر
شرۆڤەکاران دەڵێن، مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و سەرۆکی جێبەزجێکاری کۆمپانیای فەیسبووک لەسەر حەق بوو کاتێک لە کۆنگرێس گووتی "هیچ قۆرخکارییەک لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ تەکنەلۆژیای داهاتووی داراییەکان بە دی ناکرێت".
مارک ئاماژەی بەوەدا "رەنگە پێشنیازی دراوی لیبڕای فەیسبووکتان بە دڵ نەبێت، بەڵام کەمێک بە دڵتان دەبێت دوای بڵاوکردنەوەی دراوی ئەلیکترۆنی لە لایەن چین دوای چەند مانگێک".
کینیس رۆگۆف، شرۆڤەکاری ئابووری پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی لە نوێترین شرۆڤەیدا بۆ پێگەی ئەلیکترۆنی پرۆجێکت سیندیکەیت دەڵێت "رەنگە زوکەربێرگ زیادەڕۆیی کردبێت کاتێک پێی وابوو بڵاوبوونەوەی دراوی ئەلیکترۆنی لە لایەن چینەوە باڵایی دۆلار لە بازرگانی و پارەدارکردنی جیهانی کەمدەکاتەوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە بەشێک لە مامەڵەکان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی یاسا و باج و رێکخستنەکانەوە".
دەشڵێ: "لە راستیدا زۆرینەی رێکخستنەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فراوان دەسەڵاتیان نەک تەنیا لە ناوخۆ بەڵکو لەسەر کۆمپانیا داراییەکانی دەرەوەش هەیە کە مامەڵە بە دۆلار دەکەن، هەروەک چۆن بەم دواییە ئەمەریکا هەندێک لە بانکە ئەوروپییەکانی سزادا کە لە ژێر سزا توندەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئێران کردبوو".
هاوکات بازاڕی دارایی ئەمەریکاش قووڵە، مامەڵەی کاشی بە قەبارەیەکی گەورە تێدا دەکرێت، هەروەها دامەزراوەی بەهێزی و سەرەوەرییەکی باڵای یاسایی هەیە کە بەسەر هەوڵەکانی چین زاڵ دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئایندەدا.
لە لایەکی دیکەوە رێکخستنە توندە داراییەکانی پەکین و بەربەستەکانی بۆ سەرمایەی بیانی و قەواڵە و پشکەکان لە سیستمە داراییەکەی وایکردووە دراوی رنەممبی ناوخۆیی چەندین دەیە لە دواوە بێت بۆ ئەوەی پێگەی دۆلار لە جیهاندا لێژ بکات.
بەڵام، کۆنترۆڵکردنی ئابووری نهێنی بابەتێکی تەواو جیاوازە.
بەجۆرێک ئابووری نهێنی جیهانی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ خۆدزینەوە لە باج و چالاکی تاوان و تیرۆریستییەکان، کە بەراورد بە ئابووریی یاسایی زۆر بچووکە، بەڵام بۆ ئابووری جیهان گەورەیە.
کە لێرەدا، کێشە ئەوە نییە چ دراوێک لە ئابوورییە نهێنییەکەدا باڵادەستە، بەڵکو کێشە ئەوەیە چۆن کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەم دەکرێتەوە.
بەگوێرەی پرینسیپبلەکان، پێویستە دراوێکی ئەلیکترۆنی لە ژێر دەسەڵاتەکانی رێکخستنی ئەمەریکا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەمەریکا بزانێت چۆن مامەڵە بەو دراوە دەکرێت، بۆ نموونە زانیاری هەبێت کاتێک کۆریای باکووری زانایەکی ئەتۆمی رووسی دادەمەزرێنێت و پارەی پێدەدات، یاخود چۆن ئێران چالاکییە تیرۆریستییەکان پارەدار دەکات.
بەڵام ئەگەر دەرکردنی ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە لە لایەن چین سەرکەوتن بە دەستبێنێت، ئەوا ئەمریکا ئامرازەکانی سزادانی کەمدەبێتەوە.
بۆیە لە کۆتاییدا لایەنە فەرمییەکانی بەشێک لە وڵاتە خۆرئاواییەکان دەتوانن بەرکارهێنانی ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە چینییە قەدەخە بکەن، بەڵام ناتوانن رێگری بکەن لەوەی زۆرینەی ناوچەکانی جیهان وەک ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ئاسیا بەکاربێت، هەروەها هەندێک خواستی نهێنیشی لەسەر دەبێت لە ئەمەریکا و ئەورپا.
وە بێگومان کاتێک چین بڕیاری بڵاوکردنەوەی دراوێکی ئەلیکترۆنی دەدات، ئەو پەکین دەتوانێت چاودێری سەکۆی دراوەکە بکات هەموو ئاگاداری هەموو شتێک بێت، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا لە دەستکەوتنی ئەو زانیاریانە بێبەش دەبێت. بۆیە پێویستە وڵاتانی خۆر ئاوا بە زووترین کات بیر لەو بابەتە بکەنەوە و مامەڵەی لەگەڵ بکەن بەر لەوەی کات بەسەر بچێت.
ھ.م