سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەكات
سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق سەرنجی خستە سەر وێستگە گرنگەکانی پەیوەندیی مێژوویی سەد ساڵی رابردووی نێوان گەلی کوردستان و رووسیا؛ هاوکات دەستخۆشی لە باڵیۆزی رووسیا کرد بۆ رۆڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و لەگەڵ باڵیۆزەکەدا هەڵسەنگاندنی ئەرێنییان بۆ رەوشی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
بارەیگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و ماکسیم رۆبین کونسوڵی رووسیا لە هەولێر کرد، کە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی بە ئەرکەکانی و ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا هاوکار و هەماهەنگ بوونە لە سەرخستنی ئەرکەکانیدا و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان رووسیا و گەلی کوردستان راگەیاند کە وڵاتەکەی لە هەموو بارودۆخێکدا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی بەلاوە گرنگە. پێزانینشی بۆ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هەبوو کە رێگەیان نەداوە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەیە.
ئاماژەشی داوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە وێستگە گرنگەکانی پەیوەندیی نێوان گەلی کوردستان و رووسیا لە سەدساڵی رابردوودا دا و دەستخۆشی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەبووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری داهاتووی بۆ خواست.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر داهاتوو و سەقامگیریی سەر عێراق و ناوچەکە. هەروەها هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی ئێستا کرا.