رۆڵی رووسەکان لە کەرتی وزەی عێراق پهرهی سهندووه
سهردانی لاڤرۆڤ هاوشێوەی سەردانە باوەکانی دیکەی بەرپرسان نەبووە
K24 – ههولێر:
سەرەڕای خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و دەرچوونی ژمارەیەک لە دیپلۆماتی وڵاتان وەک رێوشوێنی ئەمنی، بەڵام رووسیا بەردەوامە لە مانەوەی لە عێراق و پێگەکەی بەهێزتر دەکات. لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی عێراق سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی بەغدای کرد و دواتر سەردانی هەولێری کرد.
ڤیرا میرۆنۆڤا و محەمەد حوسێن لە راپۆرتێکیان بۆ گۆڤاری فۆرین پۆڵێسی ئەمریکی رایانگەیاندووە، ئەو سەردانە هاوشێوەی سەردانە باوەکانی دیکەی بەرپرسان نەبووە، بەجۆرێک گرنگی بە رێککەوتنی سیاسی و دۆسیەی سووریا و تیرۆر نەدرا، بەڵکو زۆرینەی بەشداربووەکانی پیاوانی کاربوون کە تێیدا نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بەشدار بوون وەک رووسنەفت و لوک ئۆیل.
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جگە لە پەیوەندی بازرگانی دوو لایەنە لە کۆبوونەوەکانی بابەتی دیکە باس نەکراوە، تێیدا رووسەکان جەختیان لە بەردەوامی کارەکان کردووەتەوە کە پەیوەستن بە کۆمپانیاکانی وزەی رووسی لە عێراق.
ئەوەش شتێکی نا ئاسایی نییە بەوەی رووسیا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە حەوت ساڵی رابردوو لە عێراق کردووە، بۆیەش مۆسکۆ گرنگی بە وڵاتەکە دەدات.
ئەو دوو نووسەرە ئاماژەیان بەوەداوە، کۆمپانیا رووسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە عێراق بوونیان هەیە، گرێبەستی درێژخایەنیان لەبواری نەوت و گازی وڵاتەکە هەیە هەروەها پشکی رووسیا لە عێراق بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، کە گرێبەستەکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 2011 کاتێک گازپڕۆم گرێبەستی وەبەرهێنانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد.
سەرەڕای ئەوە، کۆمپانیای گازپڕۆم سێ ملیۆن بەرمیلی لە کێڵگەی سەرقەڵا لە گەرمیان بەرهەمهێناوە، هەروەها چەندین پڕۆژەی بەدواداگەڕانی لە هەورامان و شارەزوور ئەنجامداوە، هاوکات لە مانگی ئەیلوولی رابردووش کۆمپانیای ستروی ترانس گاسی رووسی گرێبستێکی 34 ساڵی بردەوە بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گاز لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق. بە گوێرەی سەرچاوەکانی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لاڤرۆڤ بە شێوەیەکی تایبەت سوپاسی عێراقی کردووە بۆ ئەو گرێبەستە.
هاوکات لە بەشێکی دیکەدا ئەو دوو نووسەرە دەڵێن، رووسیا تەنیا گرنگی بە کێڵگە نەوتییەکان نادات، بەڵکو روسنەفت خاوەنداری 60% بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەوەش هێڵێکی سەرەکی گواستنەوەی نەوتی عێراقە.
لە بەهاری 2018 کۆمپانیای روسنەفت رایگەیاند، رێککەوتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە مەبەست لێی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان، رێککەوتنە دامەزراندنی هێڵێکی نوێی گاز لە خۆدەگرێت بە توانای گواستنەوەی 30 ملیار مەتر سێجا گاز لە ساڵێکدا، کە ئەوەش 6% کۆی خواستی گازی ئەوروپایە.
بە گوتەی سیاسییەکی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، "بەهۆی ئەو گرێبەستەوە رووسیا هەژموونی سیاسی زیاتری لە عێراق بەدەستهێناوە، بە جۆرێک 96% هەناردەی عێراق نەوتە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هێڵی پێویست بۆ گواستنەوە، ئەو نەوتە بەهایەکی ئەوتۆی بۆ وڵاتەکە نەماوە، بۆیە ئێستا رووسیا بە شێوەیەکی سەرەکی پڕۆسەی هەناردەکردنیش دەگرێتە ئەستۆ".
ئەو دوو نووسەرە دەڵێن، رووسیا بەردەوام لە کەرتی نەوت و گازی عێراق کاری نەکردووە، دوای رووخانی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 و پڕۆسەی ئازای عێراق، کۆمپانیا رووسییەکان رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام دوای ململانێ تائیفییەکان هەموو شتێک گۆڕا، بەجۆرێک زۆربەی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان وڵاتەکەیان چۆڵ کرد وەک (ئێکسۆن مۆبیل وشێڤرۆن)، دوای ئەوەش کۆمپانیا رووسیەکان شوێنەکانیان گرتەوە.