به‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك پارێزگاری له‌ مافی نه‌خۆش ده‌كرێت

ئه‌ركه‌كانیشی دیاریكراون

K24 - هه‌ولێر:

پرۆژە یاسای ئەرك و مافەكانی نەخۆش لەلایەن لێژنەی تەندرووستی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكراوە، ئامانجی پرۆژە یاساكە باشتركردنی پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشك و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەیە كە لە رابردوودا لە نەخۆشخانەكان روویانداوە. 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی دەڵێت: "لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا رەشنووسی پرۆژە یاساكە دەگاتە وەزارەتی تەندرووستی و كاری لەسەر دەكرێت". 

پرۆژه‌ یاساكه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌، به‌ر له‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووەمی بۆ بكرێت لە وۆرك شۆپێكدا یاخود لەرێی كۆبوونەوەیەكی راوێژكارییەوە پرۆژەكە دەوڵەمەندتر ده‌كرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی پێیوایە بە دەرچوونی ئەم یاسایە ئیتر نەخۆش دەزانێت لەكوێ ھەڵەی پزیشكی كراوە وە لە كوێ نەكراوە.

دیارترین مافەكانی نەخۆش لە نێو پێشنیازە یاسایەكە بریتیین لە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاريی تەندرووستی بۆ نەخۆش، وەرگرتنی چارەسەری پێویست و پاراستنی نھێنییەكانی، مامەڵەكردنێكی باش لەگەڵیان لەلایەن كارمەندانی تەندرووستییەوە.

ھەرچی ئەركەكانیشە خۆی دەبینێتەوە لە رێزگرتنی دامەزراوە تەندرووستییەكان و رێزگرتنی كارمەندان لەلایەن كەسوكاری نەخۆشەكانەوە.