ئەفسەرانی باڵای ئەمەریکا داوای بەهێزکردنی پێگەی کورد دەکەن

"ئەمریکا ستراتیژیەتی روونی نییە"

K24 – هه‌ولێر:

ئەفسەرە باڵاکانی هێزەکانی ئەمەریکا و فەرماندەکانی هەواڵگریی ئه‌و وڵاته‌، داوا دەکەن سەرکردایەتیی ئەمەریکا نەهێڵێت رووداوەکانی عێراق زیاتر تەشەنە بکەن و بۆ هەموو لایەکیش ئاشکرا بکرێت، کە پاڵپشتیکردنمان بۆ هەرێمی کوردستان لە پێناو بەهێز مانەوەی پێگەكه‌یەتی لە ناوچەکەدا.

ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان24ی راگەیاند: "کورد عێراق و سووریا رۆڵێکی گرنگیان هەیە، بۆیە دەبێ لەسەر ئەم بنەمایە پێگەیان بەهێز بێ لە دەسەڵاتدا، چ لە عێراق، کە ئێستا بە رەوشێکی تایبەتدا تێدەپەڕێ و چ لە سووریاش، کە داهاتووی سیاسی دەبێ چارەسەر بکرێ و لەهەردو وڵاتدا کورد دەبێ لەدەسەڵاتدا شوێنی شیاوی خۆی هەبێ".

بەشێک لە فەرماندە سەربازیی و هەواڵگرییەکان باوەڕیان وایە کێشەیەک هەیە لە نێو سەرکردە سیاسییەکانی ئەمەریکا، ئەویش ئەمەیە ئاماژەکانی ئەم رووداوانە بە باشی ناخوێننەوە، کە ئێستا لە عیراق و دەوروبەری ڕوو دەدەن.

لەم بارەیه‌وە ژەنەڕاڵ مایکڵ ناگاتا، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ستراتیژی لە فەرمانگەی نیشتیمانیی دژە تیرۆری ئەمەریکا دەڵێت: " ئەوەی جێگەی بایەخە لای من، ئێستا سەرکردایەتیی ئەمەریکا بە چاکی لەوە ناگات له‌م ناوچه‌یه‌دا چی روو دەدات. من بۆیە ئەم ڕوونکردنەوەیە دەدەم، لەبری وەڵامدانەوەی پرسیارەکەتان کەوا دەبێ ئەمەریکا چی بکات، ئەمەریکا ناگاتە ئەنجامی ئەوەی چی بکات، تا تێ نەگات چی له‌م ناوچه‌یه‌دا دەگوزەرێ".

H.J