10 وڵات دژی ئێران هاوپەیمانێتییەک دروست دەکەن

کەشتی جەنگی دەنێرنە گەرووی هورمز

K24 – هه‌ولێر:

بۆ پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە هێرشەکانی ئێران، هۆڵەندا کەشتییەکی جەنگی رەوانەی کەنداو دەکات.

میدیایی فەرمی هۆڵەندا بڵاویکردووەتەەوە، ئەمستردام بەنیازە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ئەوروپی بە مەبەستی پاراستنی هاتووچۆی دەریاوانی، کەشتییەکی جەنگی رەوانەی ئاوەکانی کەنداو بکات.

هەروەها میدیای هۆڵەندا ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کەشتیەکە بۆ ماوەی شەش مانگ لە کەنداو دەمێنێتەوە و ئەرکی پاراستنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان دەبێت.

فەرەنسا پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئەوروپی بۆ پاراستنی ئاسایش و هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە کەنداو لە هێرشەکان راگەیاندووە و بارەگای هاوپەیمانێتییەکەش لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات دەبێت، هۆڵەنداش وەکو هاوپەیمانی فەرەنسا، کەشتی جەنگی بۆ گەرووی هورمز دەنێرێت.

وەزیری بەرگری فەرەنسا لەبارەی ئەو هاوپەیمانییە رایگەیاندووە، کە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، بە بەشداریی 10 وڵاتی ئەوروپی و نا ئەوروپی، هاوپەیمانێتییەکە دروست دەکرێت.

 Reuters