لە سلێمانی پردی شەقامی مەولەوی نۆژەن دەكرێتەوە
پردەكە یەكێكە لە شوێنە دیارەكانی شاری سلێمانی
K24 – سلێمانی:
لە شاری سلێمانی ئەو پردەی دەكەوێتە شەقامی مەولەوی، لە سەر شێوازێكی كەلەپووریی كۆن نۆژەن دەكرێتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا لەسەر بودجەی پارێزگا، پرۆسەی نۆژەنكردنەوەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەندازیار نیاز حەسەن، ئەندامی لیژنەی شوێنەواری سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: پردەكە یەكێكە لە شوێنە دیارەكانی شاری سلێمانی و دەكەوێتە سەنتەری شار و بەهۆی كۆنیی و مێژووی دروستكردنەكەیەوە، سیمایەكی ناشارستانی بەو ناوچەیە بەخشیووە, لە ماوەی رابردووشدا لیژنەكەیان پێشنیاز بۆ هەریەك لە قائیمقام و پارێزگاری سلێمانی كرد، پردەكە لەسەر شێوازی تەلارسازیی كۆنی سلێمانی نۆژەن بكرێتەوە و دیزاینی و شێوازی نۆژەنكردنەوەیان خستەبەردەست هەریەك لە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگار و ئاوات محەممەد، قائیمقامی سلێمانی, خۆشبەختانە هەردوولا رەزامەندیان پیشان داوە پردەكە نۆژەن بكرێتەوە.
ئەندازیار نیاز حەسەن گوتیشی: دیزاینی نۆژەنكردنەوەكە تەواو بووە و پردی شەقامی مەولەوی لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی نۆژەن دەكرێتەوە، لە دیزاینەكەشدا رەچاوی كولتوور و كەلەپووری سلێمانی كراوە و لەسەر شێوازی كەلەپووری كۆنی سلێمانی پردەكە نۆژەن دەكرێتەوە.
لە بارەی كاتی نۆژەنكردنەوەی پردەكە، ئەندامەكەی لیژنەی شوێنەواری سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لیژنەكە كارەكانی خۆی تەواو كردووە و ئەوەی ماوەتەوە دابینكردنی بڕی پێویستی پارەیە بۆ نۆژەنكردنەوەكە، دواتر دەست دەكرێت بە كاركردن لە پردەكەدا.
پردەكە دەكەوێتە ناوەڕاستی شەقامی مەولەوی و نزیك ناوبازاڕی شاری سلێمانی، پردەكە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە دروست كراوە و یەكێكە لە شوێنە دیار و بەناوبانگەكانی سلێمانی، بەشی ژێرەوەی پردەكە تایبەتە بە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی پەلەوەر و بەشی سەرەوەشی، شوێنی كاسبكاران و بازاڕه و چەندین دوكان لەخۆ دەگرێت.
سهرچاوه: سایتی قائیمقامیهتی قهزای مهڵبهندی سلێمانی
