پێوه‌ری ئاو گرفت بۆ هاووڵاتیان درووست ده‌كات

30%ی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌فیڕۆ ده‌درێت

K24- هه‌ولێر:

وەزارەتی شارەوانی دووپاتیدەكاتەوە، ئەوان بۆ رێگریكردن لە به‌ فیڕۆدانی ئاو لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی پێوەری ئاوی ماڵان بەردەوام دەبن.

ھاوڵاتییەك دەڵێت: لە پێوەری ئاوی ماڵەكەم 5 ھەزار دۆلارم بۆ هاتووه‌ته‌وه‌، ئەم ھاوڵاتییە دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، ته‌نیا خانوویه‌كم ھەیە، كارگەی بەفر و شوشتنگەی ئۆتۆمبێلم نییه‌.

بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستانیش باس لە ھۆكاری گرفتەكان دەكات و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، ئەوان ھیچ كات ئەم بڕە پارە زۆرە لە ھاوڵاتییان وەرناگرن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژانە لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیۆن و 100 ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەمدەھێندرێت. بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوڕۆی ھەرێمیش، ئەمە بڕێكی زۆرە و رێژەكە لە تەواوی ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان زیادە، بەڵام نزیكەی سەدا 30 لەم بڕە ئاوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش وایكردووە ھەندێ كات ھاووڵاتییان دووچاری بێ ئاوی ببنەوە.

H.B