بەھۆی ھێرشی داعش لە گەرمیان ئەفسەرێك و دوو كارمەندی ئاسایش شەھیدبوون
ژمارەیەكی دیكە بریندارن
K24 - گەرمیان
درەنگانی شەوی رابردوو داعش ھێرشی كردە سەر ناحیەی گوڵەجۆی سەر بە قەزای كفری، لە ئەنجامدا بەڕێوەبەری ئاسایشی كوڵەجۆ و دوو كارمەندی دیكە شەھیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش بریندارن.
ھەرێم جاف پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیان: "درەنگانی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر ناحیەی كوڵەجۆی سەر بە كفری، لە ئەنجامدا موقهدهم سمكۆ، بەڕێوەبەری ئاسایشی كوڵەجۆ و دوو كارمەندی دیكە بە ناوەكانی مەحموود جومعە و جومعە عەبد شەھید بوونە، ھەروەھا پێنج كارمەندی دیكە و دوو منداڵ و ژنێك بریندار بوونە".
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشكرد: "داعش سەرەتا شەش گولـلە ھاوەنی ئاراستەی ناحیەی كولەجۆ كرد و دواتر رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاسایشی شارۆچكەكە روویداوە و ھێرشەكە تێكشكێندراوە".