لەسەر رۆژئاوای کوردستان ناکۆکی دەکەوێتە نێوان ماکرۆن و ئەردۆغان

"مێشکت مردووە"

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وەڵامی چەند لێدوانێکی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەداتەوە و بە کەسێکی بێ ئەزموون و "مێشک مردوو" ناوی دەبات.

ئیمانیۆل ماکرۆن رەخنەی لە هێرشی تورکیا بۆسەر سووریا گرتبوو، هەروەها بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکان، رێکخراوی ناتۆی بە "مێشک مردوو" وەسفکرد.

لە وەڵامدا، ئەردۆغان رایگەیاندووە، ماکرۆن لە مەترسی تیرۆر تێناگات و کەسێکی بێ ئەزموونە. ئەو خۆی مێشکی مردووە.

راشیگەیاندووە، سەرۆکی فەرەنسا ناتوانێت باس لە ئەندامێتی تورکیا بکات لە ناتۆ و ئەو دەبێت سەرەتا کێشەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی چارەسەر بکات. وتەکانی هیچ و بێ سوودن.

سەرۆکی تورکیا دەشپرسێت، ئەگەر هێرشی ئێمە نایاساییە، ئەی سوپای فەرەنسا لە باکووری سووریا چی دەکات؟ رژێمی سووریا ئەوانیشی رەتکردووەتەوە.

فەرەنسا یەکێک بوو لە وڵاتانەی دژی هێرشی تورکیا بوو بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، داوای دروستکردنی ناوچەی دژە فڕینیشی کرد، بەڵام هەوڵەکانی بێ سوود بوون.

The Guardian