لایەنە باش و خراپەکانی هەمواری دەستووری عێراق تاوتوێ دەکرێت
لە سلێمانی باس لە تێڕوانینی کورد بۆ هەوڵی گۆڕینی دەستوور دەکرێت
K24 – ههولێر:
پانێڵێک لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور لە شاری سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت.
لە سەرەتایی دەستپێکردنی پانێڵێکە، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، هەوڵێک هەیە لە عێراق دەیانەوێت هۆکاری دۆخە خراپەکەی عێراق بخەنە ئەستۆی دەستوور لەبری خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی.
راشیگەیاند، ئەگەر گۆڕینی دەستوور بۆ چاکسازیی بێت لەناو دەستوورەکە، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین، بەڵام ئەگەر بۆ ئامانجێکی دیاریی کراو بێت لەسەر بنەمای پێشێلکردنی مافەکانی کورد، ئێمە رەتی دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە.
لای خۆیەوە، د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق لە ماددەکانی دەستوور پەشیمان بوونەتەوە و دەیانەوێت بە رێگایەک بیگۆڕن.
راشیگەیاند، عێراق وەکو پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، ئەگەر کورد یەک دەنگ نەبێت، رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە.
پانێڵەکە بە بەشداریی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، و جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند پسپۆڕێکی یاسایی بەڕێوەدەچێت.
H.J