" 25% كارەبای ھەولێر دیار نییە"

فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەرئەنجامی بەدواداچوونەكان دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

دوای بەدواداچوونی بۆ كێشەی كارەبا لە سنووری پارێزگای ھەولێر فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەرئەنجامەكان دەخاتەروو.

كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە بەدواداچوونێكدا بۆمان دەركەوت كە 25%ی كارەبای سنووری پارێزگای ھەولێر دیار نییە، ئەمەش بەھۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی كردنە سەر ھێڵەكانی كارەباوەیە، بەدواداچوونەكان لای بەڕێوەبەرایەتی كارەبا روونە و دەكرێت ئیجرائاتی پێویست بكرێت".

گوتیشی: "بۆمان دەركەوتووە زۆربەی ئەو سەرپێچیانە لەلایەن كەرتی تایبەت كراون، ھەروەھا چەندین ساڵە پابەند نەبوونە پێدانی پارەی كارەبا بە حكوومەت، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەر دەستی ئێمەدایە بڕی پارەكە زیاترە لە 177 ملیار دینارە".

كەنعان خەیلانی، ئاماژەی بەوەشكرد: "بەشێك لە فەرمانگەكانی حكوومەت خۆیان ئامادە نەبوونە پارەی كارەبا بدەن، كە دەكرا ئەو فەرمانگانە ناچار بكرێن پابەندبن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی دیكەی ھاووڵاتی ھەن پارەی كارەبایان نەداوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی: "داوا لە وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین دەست بە ئیجرائات بكەن، كە پێشتر پارێزگاری ھەولێر رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی چاكسازی لە كەرتی كارەبا بكرێت".

جەختیكردەوە: "پارێزگاری ھەولێر رایگەیاندووە، ئەو كەسانەی سەرپێچی دەكەنە سەر كارەبا لە ھەر پلە و پۆستێك بن ئیجرائاتیان لەگەڵ دەكرێت".

بەپێی ئەو داتایانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، كۆی گشتی قەرزی كارەبای لە سنووری پارێزگای ھەولێر 441 ملیار دینارە.

ھ.م