سەرۆك بارزانی: ئیسماعیل بێشکچی دۆستێکی مەزنی کوردە

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیسماعیل بێشکچی کرد

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆستی كورد و كۆمەڵناس و زانای ناوداری تورك، دكتۆر ئیسماعیل بێشكچی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئەندامانی وەقفی بێشكچی لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئیسماعیل بێشكچی كرد لەمەڕ دۆزی رەوای گەلی كوردستان و پێزانینی هەبوو بۆ بیربۆچوون و چالاكییەكانی بۆ پشتیوانیكردنی داواكاری و مافەكانی خەڵكی كوردستان و بە دۆستێكی مەزنی گەلی كوردی وەسفكرد.

هەروەها وێڕای پرسیاركردنی لە باری تەندروستی هیوای سەلامەتیی و تەمەندرێژیی بۆ خواست.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ئیسماعیل بێشكچی بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی بارودۆخی هەنووكەیی ناوچەكە و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان بە سەرۆك بارزانی راگەیاند و داوایشی كرد سەركردایەتیی سیاسیی كورد بە وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكەن.

هەر لەو دیدارەدا شیكردنەوەیەك لەبارەی بەرنامە و كار و چالاكییەكانی وەقفی بێشكچی لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خرایە روو.