سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە

پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی هەنووكەیی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی لە بارەی رەوشی ئێستای عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دووپاتیدەکاتەوە کە پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستای عێراق بێت.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە بایەخەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی ئەم دوایە دەكەین و پێشوازی لە هەر هەنگاوێكیش دەكەین كە كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی قەیرانەكە هەبێت و ڕێگە لە ڕووخان و فەوزا یان گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەتی شووم بگرێت.

 لە هەر گۆڕانكارییەكیشدا پێویستە مافی هەموو پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێت و، هەر گۆڕانێك دەبێ بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان بێت.

هەروەها ئامانج لێی چەسپاندنی ئاساییش و سەقامگیری و باڵادەستیی یاسا بێت و داواكارییە ڕەواكانی جەماوەری بەشخوراویش بەدی بهێنێت.

هەر لێرەدا ئیدانەی توندوتیژییە بەردەوامەكان و كوشتنی خەڵكی بێگوناح دەكەین و، سەرەخۆشیش لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین.

مسعود بارزانی

30ـی 11ـی 2019