ئامانج رەحیم سیناریۆی ئەگەری پەسەند نەکردنی بودجەی عێراق ئاشکرا دەکات
ئەگەر بودجەی 2020 پەسەند نەکرێت، پشکی کورد چەند دەبێت بۆ ساڵی داهاتوو؟
K24 – ههولێر:
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ی عێراق لەلایەن پەرلەمان بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە وڵات هەیە پەسەند نەکرێت، ئەوا یەک لەسەر دوازدی بودجەی ساڵی 2019 خەرج دەکرێت.
روونیکردەوە، واتە ئەو واقعەی کە لە ساڵی 2019 هەبووە بەردەوام دەبێت و بەغداش خەرجی مووچەخۆران کە مانگانە 452 ملیار دینارە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆ بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە و سبەی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.
H.J