شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا
لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە پرسی نەوت و بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق تاوتوێ بكەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبنەوە و ئامانج لە سەردانی شاندەكە رێككەوتنی كۆتاییە لەگەڵ حكوومەتی عێراق".
گوتیشی: "شاندی حكوومەتی ھەرێم پرسی نەوت و بودجەی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەكەن".
پێشتر د. ڤیان سەبر، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاندبوو "ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق باس لە رێككەوتنی كۆتایی دەكەن و رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان ھەولێر و بەغدا رێككەوتنێكی كۆنكرێتی دەبێت".