ئەمەریكا پێناسی گومرگی لەسەر کاڵای یەكێتی ئەوروپا زیاد دەكات

"ھیچ بەرەوپێشچوونێك تۆمارنەكراوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان"

K24 - ھەولێر

ئەمەریكا ئاماژە بەوە دەدات كە سەرقاڵی خوێندنەوەیەكە بۆ زیادكردنی پێناسی گومرگی لەسەر بەرھەمەكانی یەكێتی ئەوروپا.

حكوومەتی ئەمەریكا رایگەیاند، بەنیازن پێناسی گومرگی لەسەر بەرھەمەكانی یەكێتی ئەوروپا بسەپێنن، ھۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە ھیچ بەرەوپێشچوونێك تۆمارنەكراوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی تایبەت بە پاڵپشتیكردنی پیشەسازی فڕۆكەوانی.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریكا، ئەو بڕیارەی كە رێكخراوی بازرگانی جیھانی دەریكردووە، ھەوڵێستی ئەمەریكا دەردەخات بەوەی كە پاڵپشتی یەكێتی ئەوروپا بۆ كۆمپانیای ئایربەسی تایبەت بە پیشەسازی فڕۆكەوانی، دەبێتە ھۆی زیان گەیاندن بە پیشەسازی فڕۆكەوانی ئەمەریكا، راشیگەیاند بەھۆی ئەوەی ھیچ پێشكەوتنێك نییە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی تایبەت بەو بابەتەوە، ئەمەریكا ناچارە پێناسی گومرگی زیادبكات.