تێچووی گواستنەوەی کەشتییە نەوتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات (ئینۆک) رایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئێران، تێچووی گواستنەوەی نەوت بەرێگەی کەشتیی بەرزبووەتەوە.
بەرپرسەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، تێچووی بیمەی کەشتییەکان بە رێژەی 5% تا 6%ـی بەهای گشتیی بارەکان بەرزبووەتەوە.
لە دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند کەشتییەکی نەوتی پەیوەندیدار بە ئێرانیان کردە ئامانج، گرژییەکان لە ناوچەکەدا پەرەیان سەندووە، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتی ئێران لە دووری 4 میل لە دوورگەی خارگ بە مووشەک پێکراوە و پرۆسەی رزگارکردنی تیمی کەشتییەکە دەستی پێکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکرێت.
هاوکات هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی داوەتە تیمی ئەو کەشتییانەی نەوت کە لە کەناراوەکانی کوەیت و بەحرەیندان و داوای لێکردوون دەستبەجێ کەشتییەکانیان بەجێبهێڵن، ئەو هێزە هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، لە سایەی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دژی ئێران، هەموو کەشتییەک دەکەنە ئامانج.