ترەمپ: سوپای ئەمەریکا نەبوایە کورد لە سووریا نەیدەتوانی بژی

ترەمپ باسی پەیوەندی کورد و ئەمەریکا لە سووریا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رەتی کردەوە ئەمەریکا کوردی لە سووریا جێهێشتبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی کە ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکەی بڵاوکردووەتەوە، ترەمپ لەبارەی جێهێشتنی کورد لە سووریا و کاریگەرییەکانی رایگەیاندووە: "نەخێر، ئێمە نەک کوردەکانمان جێ نەهێشتووە، بەڵکو کاریان لەگەڵ دەکەین".

راشیگەیاند: "پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ کورد هەیە و دەستیشمان بەسەر نەوتدا گرتووە".

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، دەبوو لە هەندێک شوێنی دیکە کە ئێمەی لێ بووین، هەمان کارمان لەبارەی نەوت بکردایە. من دەتوانم ناوی چوار لەو شوێنانە بڵێم.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی دیکە دەیانویست نەوت لە کورد زەوت بکەن لە سووریا، بەڵام ئەمەریکا رێگری لەمە کردووە؛ بە گووتەی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەگەر سوپای ئەمەریکا ئەو کارەی لە سووریا نەکردایە، کوردەکان نەیان دەتوانی بژین و بژێویی پەیدا بکەن.

The White House