نێچیرڤان بارزانی: هێرشەکەی داعش سەلماندی هەڕەشەی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی داعش بڵاوکردەوە

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوکردەوە و دووپاتیدەکاتەوە، داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش.

سەرۆکی هەرێم لە راگەیەندراوەکەی نووسیویەتی: "سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان".

شەوی رابردوو له‌ گوندی ده‌ككه‌ی سنووری خانه‌قین چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمەرگە شەھید بوون و دووی دیكەش بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە.

ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.

جارێكی دیكەش جه‌خت لەوه‌ دەكەینەوە كە داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فروانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هەرێمی كوردستان

05/12/2019

H.J