جادوو، نوشتە و دەرکردنی جن لە هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت

وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و ئەوقاف، رێکاری پێویست بۆ قەدەغەکردنی سیحر، جادوو، نووشتە و دەرکردنی جن دەگرنە بەر.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، دوای ئاراستە کردنی  نوسراوی فەرمی بەژمارە 153 لە رێککەوتی 14/10/2019 بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دروست کردنی ھەماھەنگی بۆ بنەبر کردنی دیاردەی (نوشتەو سحرو جادو دەرکردنی جن ) کە لەلایەن ھەندی کەسی بەرژەوەندی خوازو دوور بەھای کۆمەڵایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام، سۆزی خەڵک دەقۆزنەوە".

وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرایکردووە: "فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم کردووە، بەھەماھەنگی لەگەڵ  وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، کاری پێویست بۆ نەھیشتنی ئەم دیاردەیە ئەنجام بدەن".

بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە یەکێکە لە خاڵەکانی بەرنامەی کاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چونکە بەهۆی ئەم دیاردەیە خەڵکێکی زۆر فێڵیان لێ دەکرێت، جیا لە بردنی پارەکەیان، دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتیش دەبنەوە.

H.J