پەیەدە: تائێستا حكوومەت وەك لایەنێكی سووری تەماشامان ناكات

پارتەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دیدارێكیان لەگەڵ پارتەكانی نزیك لە حكوومەتی سووریا ئەنجامدا

K24 - قامشلۆ   

لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان دیدارێك لەنێوان پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن، كە نزیكن لە حكوومەتی سووریا، لەگەڵ پارتەكانی نێو بەرێوەبەرایەتی خۆسەر ئەنجامدرا. ئەو پارتانە رایدەگەیەنن، دەیانەوێت پڕۆژەی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ حكوومەت روونبكەنەوە، پەیەدەش رایدەگەیەنێت، تا ئێستا حكوومەتی سووریا وەك لایەنێكی سووری تەماشایان ناكات.

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێویستە رژێمی سووریا دان بەوەدابنێ كە ئێمەش وەك ئەوان سووریامان پاراستووە، بەڵام ئەوان بەو شێوە تەماشامان ناكەن، بەڵكو دەڵێن ئێوە بەكرێگیراوانی ئەمەریكان، ئەوە راست نییە ئێمە خاوەن ئیرادە و بۆچوونی خۆمانین، ئێمە بۆ ھەموو گەلانی سووریا تێدەكۆشین و ئامانجمان سووریایەكی دیموكراتە".