تاوانبارێكی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لە سلێمانی دەستگیر كرا

"دانی بە تاوانەكان داناوە"

K24 - سلێمانی

لە سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیر كرا كە چەندین تاوانی ئەنجامداوە و لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ھەڕەشەی لە ئافرەتان كردووە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێران- سلێمانی ئاشكرای كرد: "نووسینەی رۆژئاوای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بەسەرپەرشتی راستەوخۆی عەمید سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ‌و خێزان، هەستان بەدەستگیركردنی تاوانبارێكی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، كە هەستابوو بە ئەنجامدانی چەندین تاوان ‌و هەڕەشەكردن لە ئافرەتان‌ و توندوتیژی سێكسی بەرامبەریان لەڕێگەی مۆبایل ‌و ئامێرەكانی پەیوەندییكردن".

ئاماژە بەوەشكراوە: "تاوانبار(ز.ك.ع) دەستگیر بكرێت‌ و دەست بەسەر هەموو ئەو مۆبایل‌ و كەل ‌و پەلانەدا بگیرێت، كە تاوانەكانی پێ ئەنجامداوە، هەر لەسەرەتای لێكۆڵینەوەكان ناوبراو دانی نا بە هەموو ئەو كارانەی ئەنجامی داوە".

 ھ.م