"شانە نووستووەکانی داعش لە کەرکووك بەئاشکرا دەسووڕێنەوە"

لەماوەی سێ مانگی ڕابردوو 321 ڕووداوی ئەمنی روویانداوه‌

K24 - كه‌ركووك:

بارودۆخی ئەمنی کەرکووك بەرەو خراپی زیاتر دەچێت، لە هەفتەیەکدا چوار تەقینەوە و لەسێ مانگیشدا 321 رووداوی ئەمنی ڕوویانداوە، پەرلەمانتارێك دەڵێت، شانە نووستووەکانی داعش لە کەرکووك بەئاشکرا دەسووڕێنەوە، هاووڵاتیانیش داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، چارەسەری بەپەلە بۆ بارودۆخی کەرکووك بدۆزێتەوە.

كاروان نیوەڕۆیەکی هەینی، بە ئۆتۆمبێلەکەی هاوڕێیەکی دەگەیەنێتە مزگەوتێکی نزیك لەشوێنی ئەرکەکەی، لەگەڕانەوەیدا بۆمبێکی چێنراوی پێیدا دەتەقێتەوە و شه‌هید ده‌بێت.

تەنیا داواکاری كه‌سوكار و خێزان و مناڵەکانی کاروان سزادانی بکوژانە، رۆیشتنی ئەو زامێکی قووڵ و خەمێکی ئەبەدی بۆ جێهێشتوون.

نۆی ئەم مانگە دووساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی داعش لەعێراق تێدەپەڕێت، بەڵام چالاکی ئەو گرووپە هێشتا ماوە، بەجۆرێك لەهەندێك شوێن  ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیيەکان.

بەپێی ئاماری هۆبەی راگەیاندنی ئاسایشی کەرکووك، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوو 321 ڕووداوی ئەمنی لەسنووری پارێزگای کەرکووك ڕوویانداوە و 80 کەسیش لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیيەکانی کوژراون و برینداربوونە.