خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكووری سووریا داوای دانووستان له دیمه‌شق ده‌كات
له سه‌ر بنه‌مای دهستهبهرییهكانی رووسیا
K24 – هه‌ولێر:
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، جارێكیدیكه، داوایكرد له سه‌ر بنه‌مای دهستهبهرییهكانی رووسیا، دانووستانی نێوان قامشلۆ و دیمه‌شق ده‌ستپێبكات.
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری راشیگه‌یاند، ده‌سته‌یه‌كیان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی دیمه‌شق پێكهێناوه.
روونیشیكرده‌وه، ئیداره‌كه‌یان پابه‌ندی هیچ بڕیارێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه و دانووستانانه نابێت، ئه‌گه‌ر خۆی تێیدا به‌شدار نه‌بێت.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیداره‌كه دووپاتیكرده‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌نه چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سووریا، كه پشت به لامه‌ركه‌زی و دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ببه‌ستێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری نیگه‌رانی خۆی له باره‌ی به‌شداری پێ نه‌كردنی نوێنه‌رانی ئیداره‌كه له دانووستانه‌كانی جنێف ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، له جنێف نوێنه‌ری گرووپ و میلیشیا تیرۆریستییه‌كانی پاشماوه‌ی داعش و به‌ره‌ی نووسره به‌شداریان پێكراوه، به‌ڵام نوێنه‌رانی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه، كه قوربانی زۆریان داوه بۆ بنبڕكردنی تیرۆر، په‌راوێز خراوون.
سه‌رچاوه: RT