30 سانتیمه‌تر به‌فر له‌حاجی ئۆمه‌ران باریوه
ساردترين خاڵی هه‌رێمی كوردستانه
K24 - هه‌ولێر:
له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوو 30 سانتیمه‌تر به‌فر له‌حاجی ئۆمه‌ران باریوه، چیا‌و پێده‌شت و ئاواییه‌كانی سپی پۆش كردووه، جوله‌ی مرۆڤه‌كان كه‌مبۆته‌وه‌و زیاتر كامیۆن و تاكسیه‌كان ده‌بینرێن، پله‌كانی گه‌رما دابه‌زیوون به‌لام دیمه‌نه‌كان سه‌رنج راكێشن.
چیتر به‌فر به‌ته‌نیا شاخنشین نابێت و بۆته میوانی دانیشتوانی حاجی ئۆمه‌رانيش.
ڕێگای سه‌ره‌كی له‌به‌فر ڕاماڵدراوه و به‌رده‌وام كلۆكلۆ ده‌بارێت، جوله‌ی مرۆڤه‌كان كه‌متر ده‌بینرێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه تاكسی و كامیۆنه‌كانن، له‌ده‌روازه‌ی سنووری نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران بازرگانی و گه‌شتیاری تێكه‌ڵ به كلۆ به‌فره‌كان بوونه، له نێو شاره‌دێش ئیدی جوڵه بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی سه‌ختبووه و زۆرجار گه‌وره‌كان یاوه‌ری منداڵانیان ده‌كه‌ن بۆ چوونه قوتابخانه.
چه‌ند رۆژێكه به‌فر حاجی ئۆمه‌رانی گرتۆته‌وه‌و ئاستی بینین كه‌مبۆته‌وه به جۆرێك له پێده‌شتاییه‌كان ته‌نیا قه‌دی داره‌كان به دی ده‌كه‌ی و شاخه‌كانیشی له لوتكه‌وه تاكو دامێن له ته‌م و به‌فر ون كردووه، به گوێره‌ی گێرانه‌وه‌ی دانیشتووانی ئێره له ده‌یه‌كانی رابردوو به مه‌تر به‌فری تێدا باریوه.
لیره (30) سانتیمه‌تر به‌فرباریوه، شه‌وان پله‌كانی گه‌رمای داده‌به‌زن بۆ ژێر 5 پله‌ی سفری سیلیزی و له‌رۆژیش به‌رزترینی 5 پله‌یه، چۆڵه‌كه‌كانیش به كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر دره‌خته‌كان كۆبوونه‌ته‌وه و پێده‌چێ چاوه‌ڕێی زستانێكی سه‌خت بكه‌ن.