به‌غدا: وەستانی گازی ئێران هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبایە

به‌ هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رماوه‌

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، تێکڕای کەمبوونەوەی وزەی پێویست بۆ دابینکردنی کارەبا هۆکاری وەستانی گازی ئێرانە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکان لە ناوەڕاستی عێراق.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە چەند رۆژی رابردوودا، لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتە، ئەوەش بەهۆی وەستانی گازی پێویست کە لە رێگەی بۆریەوە لە ئێرانەوە هاوردەدەکرا بۆ بەگەڕخستنی وێستگە کارەباییەکان لە ناوچەکانی ناوەڕاست.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، دوای پڕۆسەی چاککردنەوەی بۆرییەکان لە 25 ی  مانگی رابردووەوە دەست بە هەناردەکردنی گاز کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە پێویستە نەگەیشتووەتە عێراق کە لەسەری رێککەوتبووین، هۆکارەکەشی بۆ ئەو شەپۆڵە ساردییە دەگەڕێتەوە کە رووی لە ئێران کردووە، هاوکات ئەو گازەی هاوردە دەکرێت چارەکی ئەو بڕە نییە کە عێراق پێویستییەتی بە تایبەت بۆ وێستگەکانی ناوەڕاست و بە دیاریکراوی وێستگەی بەسمایەی گازی و مەنسووریە و سەدر و قودس، بەو هۆیەش وێستگەکان لە کارکردن وەستاون یان بەرهەمهێنانیان کەمبووەتەوە.