ماس و قەیوان کارەبای کوردستانیان کەمکردووەتەوە و 1000 مێگاوات دەدەنە بەغدا
کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان بڕی 500 مێگاوات کارەبایان لە هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە و لە هەمان کاتدا 1000 مێگاوات بۆ عێراق دەنێرن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە ناوخۆدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەردوو کۆمپانیای ماس و قەیوان بڕی 500 مێگاوات کارەبایان لە هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە. لە بەرانبەردا ئەو دوو کۆمپانیایە بەردەوامن لە ناردنی 1000 مێگاوات کارەبا بۆ ناوچەکانی عێراقی فیدراڵ.
سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، بەهای ئەو 1000 مێگاواتە مانگانە دەگاتە نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیەش یەکسانە بە زیاتر لە %100ـی شایستە داراییە مانگانەکانیان و راستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دەدرێتە هەردوو کۆمپانیاکە.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی کارەبا ئەوەی خستەڕوو، کەمکردنەوەی ئەو رێژەیەی کارەبا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی پارەی تەواوی خۆیان لە بەغداوە وەردەگرن، ماس و قەیوان داوای پارەی زیاتر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.