سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشانگای نێودەوڵەتیی خانووبەرە دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەفتەمین پێشانگای نيّودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر دەکاتەوە.

ئەمڕۆ، حەفتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە بە فەرمی دەرگاکانی بە رووی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەراندا دەکاتەوە و بۆ ماوەی چوار رۆژ لە هۆڵی پێشانگاکان لەناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوام دەبێت.

ئەم بۆنە ئابوورییە بە پشتگیریی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان، لە لایەن کۆمپانیای ئینڤێست ئیکسپۆوە رێکخراوە. هەولێر لە رێگەی ئەم پێشانگایەوە جارێکی دیکە دەبێتە ناوەندی سەرنجی وەبەرهێنەرانی ناوچەکە و جیهان، تا وێنەیەکی بەهێزتر لە گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکات.

لەناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان، نزیکەی 300 کۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی لە 12 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن. ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانەی براندە ئابوورییەکان، ئاماژەیەکی روونە بۆ متمانەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بە سەقامگیری و ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی چوار رۆژی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەدا، هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران دەرفەتێکی راستەوخۆیان لەبەردەمدایە بۆ سوودمەندبوون لە ئۆفەر و داشکاندنی تایبەت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی جووڵەخستنە ناو بازاڕی خانووبەرە و رێگە بۆ بەدیهاتنی خەونی نیشتەجێبوونی سەدان خێزان خۆش دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 70 هەزار نووسینگەی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە لەو ژمارەیە 7,500 نووسینگەیان تەنیا لە هەولێرن. رۆژانە سەدان مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لەو نووسینگانە دەکرێن.