بڕیارده‌ری لێژنه‌ی یاسایی: پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له په‌رله‌مان كاری زۆری ده‌وێت
لێژنەی یاسای له په‌رله‌مان راپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژه یاساكه ئامادە دەکات
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای چاکسازی پەسەند کرد، بڕیاردەری لێژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساکە بکرێتە یاسا، پەرلەمان پێویستی بە مانگێك زیاترە، چونکە کاری زۆری دەوێت.
رۆمیۆ ھەکاری، ئەندامی لێژنەی ھاوبەشی حکوومەت و پەرلەمان بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی ئاشكرای ده‌كات، یاساكه جه‌خت له‌سه‌ر دوو خاڵ ده‌كات، ئه‌وانیش مووچه‌ی پله تایبه‌ته‌كان و ته‌واوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها خاڵی دووه‌میش تایبه‌ته به خانه‌نشینی به‌گوێره‌ی پله‌ی وه‌زیفی.
هاوكات جەلال محمدامین، بڕیاردەری لێژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ده‌ڵێت: بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساکە بکرێتە یاسا، پەرلەمان پێویستی بە مانگێك زیاترە، چونكه دوای ئه‌وه‌ی ره‌شنووسه‌كه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت، لێژنەی کاروباری یاسای راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی لە دانیشتنێکدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، دواتر لە لایەن ٧ لێژنەی تایبەتمەنده‌وه کاری لەسەر دەکرێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به كاته.
رەشنووسی پرۆژەیاسای چاکسازی، یەکەم پرۆژە یاسایە كه کابینەی نۆیەم ئاراستەی پەرلەمانی دەکات، بە پێی پەیڕوەی ناوخۆی پەرلەمانیش ئەولەویەت بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەیە کە حکوومەت رەوانەی پەرلەمانی دەکات، حکوومەتی ھەرێم جەخت دەکاته‌وه، پرۆژەی چاکسازی بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمیش دەڵێت: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە، خەڵکیش له‌وه دڵنیا دەکاتەوە، كه شایستە و مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
H.B