شاره‌زایان: یاسای هه‌ڵبژاردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه‌

"ئەگه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن تيێپەڕێنرێت ده‌ره‌نجامی خراپی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت"

K24- هه‌ولێر:

کورد دەنگ بە پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نادات به هۆكارى ئه‌وه‌ی ماددەی 15ى ياساكه لە بەرژەوەندی حزبە بچوکەکان نییە، پەرلەمانتارێکیش کێشەکانی ماددەی 15 ئاشکرا دەکات، پسپۆرێکی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت: یاساکە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە و لە رووی سیاسی و یەكڕیزی لایه‌نه‌كان  ئاستەنگ بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

له‌كاتێكدا ماددەی 15 لە پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بازنەی هەڵبژاردن هەژماری قەزا بکرێت، کورديش ئه‌وه‌ رەت ده‌كاته‌وه‌ و داوا دەکەن پارێزگا بکرێتە بازنەی هەڵبژاردن.

بەپێ یاساکە هەر 100 هەزار کەسێك رێژەی کورسییەکی بۆ دانراوە ئەگەر قەزا بکرێتە بازنەی هەڵبژاردن، دەنگی بەشێکی زۆری قەزاکان به‌فیڕۆ ده‌ڕوات، له‌مباره‌شه‌وه‌ مه‌یاده‌ نه‌جاڕ، پەرلەمانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: له‌م پڕۆژه‌یه‌ زەرەرمەندی یەکەم حزبە بچووکەکانه‌ و هيچ زیانێكی بۆ پارتی نابێت، به‌ڵام ئێمه‌ش دژین.

ئەگەر ئەم یاسایە بە زۆرینە تيێپەڕێنرێت ئەوا لە رووی ژمارەی کورسی و لە رووی سیاسیشەوە بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەری خراپی دەبێت، بە تایبەت بۆ پرسی یەكهەڵوێستی، تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ش هۆگر چەتۆ، پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن لایەنە خراپیەکانی پڕۆژەكه‌  دەخاتە روو و ده‌شڵێت: لە داهاتوودا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هەوڵەکانی یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا ئەستەم دەكات.

پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان ناتوانرێت لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت، کورد تێبنی لەسەر ماددەی 15ی پڕۆژەکە هەیە و دەیەوێت بازنەی هەڵبژاردن بۆ پارێزگاکان بێت نەك بۆ قەزاکان، بەتێپەراندنی ئەم پڕۆژە یاسایە ئەم حزبانەی ئێستا كه‌ کورسيه‌ك تا سێ کورسیان له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌، گەیشتنیان بە ئەنجوومەنی نوێنەران مەحاڵ دەبێت.

H.B