رووداوه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی وه‌سبه‌ی به‌غدا خۆپێشانده‌رانی ته‌حریر تووڕه ده‌كات
كاردانه‌وه‌ی توندی لێ ده‌كه‌وێته‌وه
K24- به‌غدا:
کوشتن و ھەڵواسینی گەنجێکی تەمەن ١٦ساڵان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا، ناڕەزایەتییه‌کی زۆری لەنێو خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لێی کەوتووه‌تەوە، ئەمرۆش وەك ھەلوێست وەرگرتن لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە، بەشێك لە نووسەران و پارێزەرەکان نەھاتنە گۆڕەپانی تەحریر و داوایان کرد ئەو کەسەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە بدرێتە دادگا.
له باره‌ی رووداوی گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا جه‌عفه‌ر كازم، چالاكوانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه به‌هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی خۆپێشاندەران ناکەن، ئێمە لێرە ھەرلێمان دەکوژن خۆمان دژی کوشتنین، چۆن دڵخۆش دەبین بەکوشتنی کەسانی دیکە، ئەوە ئامانجی ئێمە نیە".
له‌كاتێكیشدا تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ خۆپێشاندەر کوژراون، وێنە و پاشماوەی خۆپێشاندەرە کوژراوەکان لەناو گۆڕەپانەکەدا پارێزراون، بەڵام ھیچ رووداوێك بەقەد ھەڵواسینی گەنجەکەی گۆڕەپانی وەسبە کاردانەوەی لێ نەکەوتەوە.
تایبه‌ت به‌م رووداوه‌ش عەبولرەحمان بەرزنجی، خۆپێشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر جه‌خت ده‌كاته‌وه، "خۆپیشانده‌ران به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه هه‌نگاویان ناوه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له گۆڕه‌پانی ته‌حریرن هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ن، سه‌رجه‌میان یه‌كگرتوون و ئاگایان له یه‌كتر هه‌یه و هه‌ر كارێكی له‌مشێوه‌یه‌ش به هه‌موو توانایه‌ك ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه".
H.B