ماوەی یاسایی بۆ دیاركردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆتایی دێت
رەوتی حیکمە: هیچ کاندیدێکمان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نابێت
K24 - ھەولێر
سبەی کۆتایی بەو ماوە یاساییە دێت، کە بۆ راسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دیاریکراوە و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سائیرونیش گوشارەکانی ئێران بۆ دانانی محەمەد شیاع سودانی لەو پۆستە ئاشکرا دەکات.
لەوبارەوە عەمار حەكیم سەرۆکی رەوتی حیکمە رایدەگەیەنێت، هیچ کاندیدێکییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نیە و داوایکرد، داخوازی خۆپیشاندەران لەبەرچاو بگیرێت.
محەمەد غەززی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە هاوپەیمانێتی سائیرون رایگەیاند، دەستێوەردانەکانی ئێران لە دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایە و گوشارەکانیشی بۆ دانانی محەمەد شیاع سودانی بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەستپێکردووە.
ئەو پەرلەمانتارە کە سەربە رەوتی سەدرە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سودانی کەسێکی حزبییە و لەو پۆستەی وەزاریانەی پێشتریش هەیبووە، شکستخواردوو بووە.
غەززی داواشی لە سەرۆک کۆمار کرد، بەرپرسیاریەتی دەستووری هەڵبگرێت و کەسێکی شیاو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێرێت کە جێی رەزامەندی خەڵکی ناڕازی بێت.
لەلایەکی دیکەوە، عهممار حهكیم سەرۆکی رەوتی حیکمە دووپاتیکردەوە، لهگهڵ خواستی گەلدایە بۆ دانانی کەسێکی شیاو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران راشیگەیاند، هیچ كاندیدێكیان بۆ ئەو پۆستە نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە خۆپیشاندەران دژایەتی خۆیان بۆ کاندیدکردنی سودانی بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەربڕیووە.
ھ.م