پڕۆژە یاسای چاكسازی بازرگان و وەبەرھێنەران دڵخۆش دەكات
به جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
بازرگان و وەبەرھێنەرانی كوردستان پێشوازی لە پڕۆژە یاسایی چاكسازی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، كە ئێستا بۆ گفتوگۆكردن نێردراوەتە پەرلەمان.
یاسین مەحموود، گوته‌بێژی یەكێتی وەبەرھێنەرانی كوردستان جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بە ھەنگاوێكی گرنگ دەزانێت و دەڵێت: ئه‌گه‌ر ته‌نیا له 50%ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش بپێكێت، ئەوا دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان بوژانەوەیه‌كی زیاتر بەخۆییەوە ببینێت.
ئەگەرچیش پرۆژە چاکسازیەکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ چاکسازییە لە موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و گەڕانەوەی مووچەی ناشایستە بۆ گه‌نجینه‌ی حکوومەت، لە ھەمانکاتدا پاڵنەرێكیشه بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی ماوه‌ی چەندین ساڵە بەھۆی قەیرانی داراییه‌وه پەکیان كه‌وتووه.
له‌مباره‌شه‌وه سه‌لام عه‌بدوڵڵا، گوته‌بێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ده‌ڵێت: ئه‌م هه‌وڵانه‌ی حكوومه‌ت جێگای ده‌ستخۆشین، دووپاتیش ده‌كاته‌وه، یاسای چاكسازی یه‌كێكه له‌و یاسایانه‌ی كه ده‌بێته هۆی كه‌متر به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و هه‌موو هاووڵاتیه‌كیش مافی خۆی وه‌رده‌گرێت و به كورتییه‌كه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌یه و پاره‌یه‌كی باشیش بۆ گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هاوكات ناجی عزه‌دین، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی به گوێره‌ی پلانێكی تۆكمه بێت، ئه‌وا ده‌بێته پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵكی كوردستان و كاریگه‌رییه‌كی زۆری بۆ سه‌ر جووڵه‌ی بازاڕ ده‌بێت، چونكه ئێستا حكوومه‌ت پێویستی به بڕێكی زۆر پاره هه‌یه بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پەرلەمانی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایی چاکسازی دەستی بە هەوڵەکانی کردووە، بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە ناو فراکسیۆنەکان، هه‌ر ئه‌مڕۆش له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش رایگه‌یاند: هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه له نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه، په‌رله‌مانتارێكی پارتیش ئاشكرای كرد، رێككاره یاساییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستیان پێكردووه.
H.B