ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە گەرمیان دەستیپێكرد
كێوماڵی ئەو ناوچانە دەكەن كە گومان دەكرێت چەكدارانی داعشی لێ بێت
K24 - گەرمیان
ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە لە كوڵەجۆ ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر چەكدارانی داعش دەستپێكرد.
ھەرێم جاف پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "ھێزەكانی لیوای 16 و 5ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە دەوروبەری كوڵەجۆ ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ ئەو ناوچانە دەستپێكرد كە گومان دەكرێت چەكدارانی داعش خۆیان لێ حەشار دابێت".
پەیامنێرمان، گوتیشی: "ھێزەكانی پێشمەرگە كێوماڵی ئەو ناوچانە دەكەن كە چەكدارانی داعش لێیەوە ھێرش دەكەنە سەر كوڵەجۆ و گوندەكانی سنوورەكە".
ئەم ئۆپەراسیۆنەی ھێزی پێشمەرگە دوای ئەوە دێت، كە لە ماوەی رابردوودا چەكدارانی داعش چەندین جار پەلاماری پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانیان داوە.