ھەڵمەتێك بۆ بنبڕكردنی خەتەنەكردنی مێینە رادەگەیەندرێت
كۆنفرانسێك وەك ئامادەكاری رێكخرا
K24 - ھەولێر
بە مەبەستی راگەیاندنی پلانی 18 مانگی ھەڵمەتی نەھیشتنی خەتەنەکردنی میینە لە ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی باڵای خانمان بە ھاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وەزارەتەکانی پەیوەندیدار و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، کۆنفرانسێکیان لەژێر ھاشتاگی "کچەکەت خەتەنە مەکە" رێكخست.
بەگوێرەی ئامارێكی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، لە نزیکەی 15 ھەزار دایکانی کوردستان 7 ھەزار و 500 دایک پلانیان ھەیە بۆ ئەوەی کچە خوار 5 ساڵانەکەیان خەتەنە بکەن، سەرەڕای ھەبوونی چەندین رێکخراوی پاراستنی مافی ئافرەتان و چالاکوانان و بڵاوکردنەوەی ھۆشداری لەنێو کۆمەڵگە لەسەر حاڵەتەکانی خەتەنەکردن، بەڵام ھێشتا لەلایەن بەشێك لە خێزانەكان كچەكانیان خەتەنە دەكەن. پارێزەرێکیش باس لە بەشێک لەو کەیسانە دەکات، کە پەیوەندیان بە توندوتیژی خێزانی و ئافرەتانەوە ھەیە و خەتەنەکردنیش بە گرفتی نێو ئەو کەیسانە ناو دەبات.
لە ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای خانمان لێکۆڵینەوە، لە دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە ئەنجامدرا، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكە 10%ی دایکان کچەکانی خۆیان خەتەنە کردووە، رێژەکەش لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانیە. زۆرینەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکی لە مافی ئافرەتان جەخت دەکەنەوە، لەسەر نەھێشتنی ئەو رێژەیە و پێیان وایە ئێستا خێزانەكان ھۆشیار بوونەتەوە و حاڵەتەكانی خەتەنكردن بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
ھ.م