پەرلەمان سیفەتی بەپەلەی بە پڕۆژەیاسای چاكسازی دا

خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكرێت

K24 - ھەولێر

كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستپێكرد و لە چوارچێوەی خوێندنەوەی یەكەم دا بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی، بە دەنگی 85 پەرلەمانتار سیفەتی بەپەلە بە پڕۆژەیاسای چاكسازی درا، بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان پڕۆژە یاساكە پەسند بكرێت.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد، زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیش لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی ھاودەنگن. لە چوارچێوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی سیفەتی بەپەلە بە پڕۆژەكە درا".

بەگوێرەی بەرنامەی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە تەوەری یەكەم دا، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینى و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى تر) دەكات، كە ھەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان پەسەندی كرد و ناردییە پەرلەمان.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، ده‌نگدانە له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای (رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق).

ھەروەھا بڕیارە ھەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای (ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) بكات.

دوێنێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان وەك ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان زۆرینەی فراكسیۆنەكان ھاودەنگ بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی.

ده‌قی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی 

ھ.م