ئاسایشی گشتی - هه‌ولێر: ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ له‌ هه‌ولێر ئه‌شكه‌نجه‌ نه‌دراون

ئاسایش روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – هەولێر، له‌باره‌ی قسه‌كانی به‌رپرسێكی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌یان روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕایگشتی بڵاوده‌كاته‌وه.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – هەولێر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "دوای بەدواداچوونیان لەسەر قسەکانی بەرێز (محمد حکیم) ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، سەبارەت بە لێدان و ئەشکەنجەدانی ئەندامانیان لە ئاسایش و دوای پەیوەندی کردن بە خودی بەرێزیان دەرکەوت کە ئەو حاڵەتانەی باسی کردووە لە هەولێر روویان نەداوە و سایتی خەندان بەمەبەست ئەمەی باسکردووە کە رووداوەکە لە هەولێر بووە و و روژاندنی ئەم بابەتەش مەبەستدار بووە".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ "سایتی خەندان دەبوایە رەچاوی ئیتیکی رۆژنامەوانی بکردبایەو پێش بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە بەم شێوازە، رای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – هەولێری وەربگرتبایە".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایشدا خەڵکی کوردستان ئاگادار و دڵنیاكراوه‌ته‌وه‌‌ کە هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، کارەکانیان لە چوارچێوەی یاساو بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ بەجێ دەگەیێنێت.