داوا دەكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كورد په‌نا بۆ دادگای فیدڕاڵ ببات

"کێشەی کەرکووك کێشەیەکی دەستووریە بۆیە کورد دەتوانێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت"

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: کورد دەتوانێت لە رێگای دادگای فیدراڵی ھەوڵی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووك بدات، ئەمینداری پێشووی پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە، پێش ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە، پێویستە لایەنە کوردستانیەکان لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێکھاتەکانی کەرکووك رێکبكەون.

له‌كاتێكدا كه‌ کارەکانی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك له‌ رێككه‌وتنی كۆتایی نزیك بووه‌وه‌، به‌ڵام بەھۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق كاره‌كانی لێژنه‌كه‌ وەستاون، رێبوار هادی، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کێشەی کەرکووك کێشەیەکی دەستووریە، بۆیە کورد دەتوانێت بۆ باشکردنی دۆخی شارەکە، پەنا بۆ دادگای فیدراڵ ببات.

هاوكات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە، ئه‌یاد حاجی نامیق، ئەمینداری پێشووی پەرلەمانی عێراق پێشنیاز دەکات لایەنە کوردستانیەکان لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووك رێکبکەون، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە رابردوو لە نێوان پێکھاتەکانی ئەو شارە ھەبوون، جارێکی دیکە دووبارە نەبنەوە.

لە ماوەی رابردوو، لێژنەیەکی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداری شاری کەرکووك پێکھێنرا، بەڵام بەھۆی سەرقاڵی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بە جێبەجێکردنی داواكاری خۆپیشاندەران، لێژنەکە کارەکانی وەستاند، بۆیە ئێستا ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی کەرکووك لە چاوەڕوانی کۆتاییھاتنی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ماوەتەوە.

H.B