بۆ یهكهم جار هۆبەی نوێکردنەوەی ساڵیانه و گۆڕینی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلی لە ڕانیە كرایهوه
"چیتر پێویست ناكات هاووڵاتیانی راپهڕین بۆ راییكردنی ساڵیانه و بهناوكردنی ئۆتۆمبێلهكانیان سهردانی سلێمانی بكهن"
K24- ههولێر:
بەڕێوەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم، هۆبەی نوێکردنەوەی ساڵیانه و گۆڕینی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلی لە ڕانیە کردەوە. بهمهش لهمهودوا شۆفێرانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەتوانن مامەڵەی نوێکردنەوەی ساڵیانه و گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکانیان لە ڕانیە رایی بکەن.
لهكاتێكدا پێشتر شۆفێرانی ڕاپەڕین ناڕەحەتی و خەرجی ماددی زۆریان لە نوێکردنەوەی ساڵیانە و بەناوکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەبینی، ئێستا هەر لەڕانیە و بە چەند کاتژمێرێك مامەڵەکانیان تەواو دەکرێ. لهمبارهشهوه عهبدولقادر غهفور، بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم دەڵێت: بەم هەنگاوە بارگرانی گەورە لەسەر شانی شۆفێران لادهچێت و ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی پارێزگای سلێمانین دەتوانرێت لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین ساڵیانەكانیان نوێ بكرێنهوه و ئۆتۆمبێلەکانیش بخرێنە سەر ناوی خاوەنەکانیان.
سهفین مهولود وەك یەکەم شۆفێر بەکاتێکی کەم توانی مامەڵەی بەناوکردنی ئۆتۆمبێلەکەی تەواو بکات، سەفین چەند ڕۆژێکە مامەڵەی بەناوکردنی ئۆتۆمبێلەکەی دەست پێکردووە، بەڵام چاوەڕێی کردووە تا ڕایکردنی مامەڵەکان لەڕانیە دەستپێ دەکات و سەختی ڕێگای سلێمانی نەبڕێ.
ئهو دهڵێت: خستنەکاری ئەو خزمەتگوزاریە بۆ شۆفێران کارئاسانیەکی باشه، چونکە هەم خەرجی، هەم کات و هەم بارگرانی دیکە لەسەر خاوهن ئۆتۆمبێلهكان کەم دەکاتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم لەکارنامەی خۆیدا، بە ڕونی تیشك خستووهته سەر نەهێشتنی ڕۆتین لە دەمەزراوە حکوومیەکاندا، هەروەك بەڵێنی بە هاووڵاتیان داوە، لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجی و ئەرکی سەرشانیان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان لە سەنتەری شارەکان بەرە و شارۆچکە و قەزا و ناحیەکان بگوازێتهوه و هاووڵاتیان بە کات و خەرجیەکی کەمتر لە خزمەتگوزاریەکان سودمەندبن.
H.B