دوو منداڵی شه‌هید هوجام سورچی ئاڵای كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك وه‌زیران رێز له‌ رۆژی ئاڵای كوردستان گیرا

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ 17/12/2019 كه‌ رۆژی ئاڵای كوردستانه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كاتێك له‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هاته‌ده‌ره‌وه‌ به‌شداریی له‌ رێوڕه‌سمی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان بكات، ده‌ستی كوڕ و كچێكی شه‌هید هوجام سورچی گرتبوو، ئه‌وانی به‌سه‌ر فه‌رشی سووردا هێنا ئاڵای كوردستان له‌ حه‌وشه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌رزبكه‌نه‌وه‌.

دواتر سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان رێزیان له‌ رۆژی ئاڵا گرت و له‌گه‌ڵ میوزیكی مارشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب راوه‌ستان و منداڵه‌كانی شه‌هید هوجام ئاڵاكه‌یان به‌رزكرده‌وه‌.

شەھید ھوجام سورچی ئەو پێشمەرگەیە بوو کە دوای بە دیلگرتنی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، چه‌کدارێکی کوردی ناو رێکخراوە توندڕه‌وه‌كه‌ لە شاری مووسڵ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ شه‌هیدی كرد و وێنه‌ و ڤیدیۆی ئه‌و كرده‌ تیرۆریستییه‌ نامرۆڤانه‌یان بڵاوكرده‌وه‌.دواتر ھێزەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە چالاکییەکی تایبەتدا، بكوژه‌كه‌یان لە ناو شاری مووسڵ کوشت. 

17ی كانوونی یەكەم وەك رۆژی ئاڵای كوردستان دیار كراوە، ساڵانە ئەم رۆژە وەك بۆنەیەكی گرنگ لە دامەزراوە حكوومییەكان و ناوەندەكانی خوێندن و شوێنە گشتییەكان بەرز رادەگیرێت.

رۆژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بینای شاره‌داری مه‌هاباد له‌ 17 كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1945 به‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له‌ مێژووی سیاسی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ 74 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا بۆ‌ یه‌كه‌مجار ئاڵای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌سه‌ر بینایه‌كی حكوومه‌ت به‌رزكرایه‌وه‌. مانگێك و چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان له‌ رۆژی 22 كانوونی دووه‌می 1946 دابمه‌زرێت.

هه‌رچه‌نده‌ كۆماری كوردستان پاش 11 مانگ رووخا، بەڵام ئاڵای كوردستان به‌هۆی درێژپێدانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لایه‌ن خه‌باتگێڕانییه‌وه‌ له‌ شاخه‌كانی كوردستان و رێورسمه‌كانی بیرهێنانه‌وه‌ی به‌ شكاوه‌یی مایه‌وه‌.

پاش تێپه‌ڕبوونی 59 ساڵ به‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژی 19/6/2009، به‌ بڕیاری ژماره‌ 48 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا رۆژی 17 كانوونی یه‌كه‌می بكرێته‌ رۆژی ئاڵای كوردستان.

له‌ 17 كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك رێوره‌سمی تایبه‌ت بۆ رێزگرتنی له‌ رۆژی ئاڵای كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ ئاڵای كوردستان دەڕازێندرێنه‌وه‌.

ئاڵاى كوردستان وه‌ك سيمبوڵى يه‌كپارچه‌يى خاكى كوردستان و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى خه‌ڵكى كوردستان، بۆ يه‌كه‌مجار له‌ 17ى كانوونى دووه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 1945 (26ی سەرماوەزی ساڵی 1324ی ھەتاوی) له‌ شارى مهاباد، له‌ لايه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌ڵكراوه‌ و دواى هه‌ڵكردنى بووه‌ سه‌ره‌تايه‌ك بۆ له‌دايكبوون و دامه‌زرانى كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد.

واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:

رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.

رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.

رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.

رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتیی.