پارتی و گۆڕان: پشتگیریی لە چاکسازییەکانی حکوومەت دەکەین
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پیرمام کۆبوونەوە و لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا، هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ چاکسازییەکانی حکوومەت دەربڕی.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆمەڵێک رووداوی گرنگ لە ناوچەکەدا هەن تیشیکیان خرانە سەر.
راشیگەیاند، ئاڵۆزییەکانی ئێستا هەم مەترسی و هەم دەرفەتی تێدایە، دەبێت بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بپارزرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارماندا کۆبوونەوەی زیاتر لە نێوانمان هەبێت و هەروەها باسمان لەوە کرد پشتگیریی چاکسازییەکانی حکوومەت بکەین.
گووتیشی، رەنگە هەندێک نیگەرانی هەبن کە بەشێک لە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون، بەڵام ئەوانە تەنها پێویستیان بەکاتە و زەمینەی لەباری بۆ دەڕەخسێنین.
لای خۆیەوە، دەرباز محەمەد، سكرتێری كاروباری ژورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، کۆبوونەوکە گرنگ بوو و لەسەر سێ ئاست قسەمان کرد، لەسەر ئاستی عێراق، کوردستان و کارەکانی حکوومەت.
راشیگەیاند، هەردوولا جەختمان لەوە کردەوە پشتگیری لە چاکسازییەکانی حکوومەت بکەین و پڕۆژەی چاکسازیی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و چاکسازییەکانیش بە گشتی بەتایبەت لە داهات بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەمانەوێت پێکەوە کۆتایی بە دۆسییەی سزای سیاسی بهێنین.