سەرۆكی ھەرێم و باڵیۆزی نیووزیلاند جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان دەكەنەوە

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لە باڵیۆزى تازەى نیووزیلاند دەکات

K24 - ھەولێر

سەر لە بەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2019 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى تازەى نیووزیلاند لە عێراق خاتوو ترێدن دۆبسۆن کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە خاتوو ترێدن کرد و هیواى سەرکەوتنى لە کارەکانیدا بۆ خواست، هەروەها هەردوولا خواستى خۆیان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان لە بوارە جیاکاندا نیشان دا.

خاتوو تریدن سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ رۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى داعش و حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران دەربڕى و پوختەیەکیشی دەربارەى ئەرکى وڵاتەکەیان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى دژى داعش خستە ڕوو.

تاوتوێکردنى زەمینە و دەرەفەتى کار و وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى دواى شەڕى تیرۆر، دۆخى ئاوارە و پەنابەران و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانى خۆیان، پێشهاتەکانى عێراق و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.