چاڤیلاند پشكی نووسەرێك و دەیان ھاووڵاتی سلێمانی دەخوات
"ھەرچی ھەمان بوو پشكی چاڤیلاندمان پێكڕی"
K24 - سلێمانی
کوردستان24 چیرۆکی نووسەرێک دەخاتەڕوو کە زیاتر لەنیو سەدەیە خزمەت دەکات و لە پشکی چاڤیلاند پارەی خواروە و فێڵی لێکراوە.
مامۆستا عوسمان ھەورامی دەڵیت "لەگەڵ ھاوسەرەکەم پێویستمان بەچارەسەرە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەموو پارەکانمان لە پشکی چاڤیلاندە ناتوانین چارەسەر وەربگرین"، داواش لە حکوومەت دەکات مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.
دوای خانەنشینبوونی مامۆستا عوسمان، بەبڕی 40 ھەزار دۆلار پشک لە پڕۆژەی چاڤیلاند دەکڕێت و خەون بەوە دەبینێ دوای ئەو ھەموو ماندووبوونەی تەمەنی بتوانیت قازانجێک بکات، پاش ئەوەی بەرپرسانی حکوومەت لە ساڵی 2011 سەردانی پڕۆژەکە دەکەن و مامۆستا عوسمانیش دڵنیایی وەردەگرێت، بەڵام دوای تێپەڕ بوونی ئەم ھەموو ساڵە خەونەكەی ھەر نەھاتووەتە دی.
دوای چەند ساڵێک لە کڕینی پشکەکە مامۆستا عوسمان سەردانیان دەکات، بەو ھیوایەیی بەشێک لە قازانجەکەی وەربگرێت، بەڵام بەرێوبەرانی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری لە بری پارە کارتێکی چاڤیلاندی بە بەھای ملۆنێک و 500 ھەزاردیناری پێدەدەن و دەڵین، ئەوە پارەکەتە و لەماوەی شەش مانگ دەبێت ھەمووی بەرکار بھێنیت.
ئێستا مامۆستا عوسمان باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بەچارەسەری پزیشكییە و توانای دارایی نییە سەردانی پزیشك بكات، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندار دەكات مافەكانی بۆ بگەڕێننەوە.
فێڵکردنی خاوەنی سەرەکی چاڤیلاند لە خاوەن پشکەکان وایکردوە لە سلێمانی ھاووڵاتیان متمانەیان، بە کۆمپانیای پشک نەمینێت ئەمەش زیانی بە کەرتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، چونکە وایکردووە ھیچ کۆمپانیایەکی پشک روو لە سلێمانی نەکات و تەنانەت لە كوردستانیش رەنگدانەوەی خراپی ھەبووە.