تادێت خۆپێشاندانه‌كانی عێراق فراوانتر ده‌بن

له‌گه‌ڵ كوژرانی هه‌ر چالاكوانێك خۆپێشانده‌ران به‌ سووتاندنی باره‌گای حزبی تۆڵه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

تا دێت خۆپیشاندانەکانی عێراق فراوانتر دەبن و ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆك کۆمار دەکەن، لەگەڵ تیرۆرکردنی هەر چالاکوانێکیشدا، خۆپیشاندەران لە رێگەی سووتاندنی بارەگای حزبی و سەربازییەکان، تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا و تەنیا دوای چەند کاتژمێرێك لە تیرۆرکردنی چالاکوان محەمەد عەسمی و برینداربوونی دوو چالاکوانی دیکە، خۆپیشاندەرانی شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار، ژمارەیەک بارەگای حزبەکانیان لەو شارە سووتاند، کە بریتیبوون لە، بارەگای رێکخراوی بەدر، حزبی دەعوە، عەسائیب ئەهللحەق و بارەگای فەوجی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.

هەروەها خۆپیشاندەران ماڵی جەبار موسەوی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای زیقاریشیان سووتاند و ژمارەیەک پرد و رێگاشیان داخست.

لە بەغداش خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەچوو، تیایدا خۆپیشاندەران، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمارییان کرد، دروشمییان دژی هەردوو سەرۆکی پەرلەمان و کۆمار گووتەوە، هاوکات کڵاوشینەکانیش شوێنەکانی خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردەوە.

لە بەسرەش خۆپیشاندەران لە ناوچەی بەرازعییەی شارەکە، دەستییان بە سووتاندنی تایە لە ناوەڕاستی شەقامەکان کرد و ژمارەیەک شەقامییان داخست.

پیشتریش بە نارنجۆك هێرش کرایە سەر ماڵی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، کە یەکێك بوو لەو کەسانەی بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاریکرابوو.

H.B