لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمان راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی رادەست دەكات

سبەی دوا واده‌یه‌ بۆ راده‌ستكردنی راپۆرتی لیژنه‌كان

K24 - ھەولێر

لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان راپۆرتی لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی تەواو کرد. هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکرێتەوە لە بارەی بڕینی مینحەی شەهیدان کە وارسە شەرعیەکانیان وەری دەگرن. لەبارەی وارسەکانیش پیشنیازەکانی لیژنەکەی تێدا جێگیرکراوە.

چەند دەنگۆیەک لەبارەی بڕینی مووچەی شەهیدان بڵاو كراونەتەوە ئەمەش نیگەرانی لای وارسی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دروستکردووە. بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی شەهیدان هەموو وارسێکی شەهید دەتوانێت مووچەی خۆی و شایستەی شەهیدانیش وەربگرێت، بەڵام ناتوانێـت دوو شایستە وەرگبرێت هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە دایک  و خوشک برا و کوڕ و کچ بە وارسی شەرعی  هەژمار دەکرێن و مووچەی شەهیدیش بە شایستە هەژمار کراوە.

لیژنەکانی پەرلەمان سەرقاڵی نووسینی راپۆرتن لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی و سبەی رۆژی دووشەممە دوا وادەیە لەبەردەم لیژنەکان دەبێت تا راپۆرت بدەنەوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

پڕۆژەیاسای چاکسازی  لەلایەن پەرلەمانتاران و رێکراوەکان و چین و توێژەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بە مەبەستی جێگیرکردنی تێبنی  سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، لەنێو پەرلەمانیش زۆربەی فراکسیۆنەکان پشتگیری دەکەن لە کۆدەنگی بۆ پەسەندکردنی نزیکن.

ھ.م